خواردنگەی خێرخوازی دەکرێتەوە

لە رانییە دەتوانیت تێر بخۆیت و پارەش نەدەیت

پێشەوا محەمەد

لە شاری رانییە پڕۆژەی خواردنگەی خێرخوازی راگەیەندرا و بەرپرسێکی ئیداریی شارەکە دەڵێت، پڕۆژەکە بۆ کەمدەرامەتانە و دەتوانن لەوێ بێبەرامبەر نان بخۆن.

بیرۆکەی پڕۆژەکە هی سەرباز بەرزنجی، پارێزگاری شارۆچکەی لامبەسی وڵاتی بەریتانیایە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی راپەڕین تاوتوێی کردووە و بەردی بناغەکەی داناوە.

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگ و پێویستە و ئامادەشن هەموو هاوکارییەکی پڕۆژەکە بکەن بۆ سەرکەوتنی و سوود گەیاندن بە خەڵکانی کەمدەرامەت و هەژار.

بیرۆکەی پڕۆژەکە وەک چێشتخانەیەک دەبێت لەناو مزگەوتی گەورەی شاری رانییە، شوێنەکەی لە سەنتەری قەزای رانییە دەبێت، بەڵام پڕۆژەکە بۆ هەموو ئیدارەی راپەڕینە و بەوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەکە، هەرکەسێک بۆ کاسبی یان سەردانی یان نەخۆشخانە بێتە رانییە یان دانیشتووی رانییە بێت و کەمدەرامەت بێت دەتوانێت لەو چێشتخانەیە خواردن بخوات.

وتیشی، “بۆردێک لە پڕۆژەکە هەڵدەواسرێت ئەوانەی دەبنە سپۆنسەری ساڵانەی پڕۆژەکە ناویان بەو بۆردەدا هەڵدەواسرێت و هەرکەسێکی دیکەش لە هەر شوێنێک بێت دەتوانێت بەشدار بێت و لە رێگەی حساب بانکییەکانەوە پارە بۆ پڕۆژەکە بنێرێت”.

کاری سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکە لە ئەستۆی دوو لیژنەدا دەبێت، لیژنەکان کراوەن و هەرکەسێک دەتوانێت ببێت بە ئەندام تێیاندا و حسابی هاتوو و رۆیشتوو بە شێوەیەکی شەفاف ببینێت، “مانگانەش هەر حسابێک بێت راستەوخۆ بە شێوەی شەفافانە بڵاودەکرێتەوە”.

هێشتا وردەکاریی ئەوە دیار نییە ئاخۆ رۆژانە چەند ژەم خواردنیان دەبێت و دەتوانن رۆژانە خواردنی چەند کەس دابین بکەن.

“وا بڕیارە کاک سەرباز لە وڵاتی بەریتانیان رێکخراوێکی خێرخوازی بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ پڕۆژەکە دروست بکات”، ئەوەش قسەی هیوا قەرەنییە.