دەرماڵە
بەراتى وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ خوێندکاران چییە؟
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
وەزیرى خوێندنى باڵاو و توێژینەوەى زانستى، لە بارەى دەرماڵە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان زانیارى نوێ ئاشکرا دەکات، لە نزیکترین کاتیشدا فەرمانى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى هەڵەبجە دەردەکات.
لەناو بازاڕى شارى سلێمانى و لە کاتى ئامادەکاریى هاوڵاتیان بۆ شەوى بەرات، 964 لێدوانى لە ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا وەرگرت و ئەو وتى،”بەراتى من ئەوەیە ئەوەى لە دەستم هاتبێت بۆ خوێندکاران کردوومە، کاتێک من بووم بە وەزیرى خوێندنى باڵا دەرماڵە نەمابوو، بەڵام دەرماڵەى خوێندکارانمان خستەوە سەرپێى”.
باسى لەوەش کرد، لە مانگى شەشى ساڵى رابردووەوە نووسراوی خەرجکردنى دەرماڵەیان خستووەتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران و لە ماوەى سێ هەفتەدا وەڵامدراوەتەوە، بەڵام کێشە لە پارەدارکردنى بانکەکاندا هەیە، ئەگینا ئەوان وەک خوێندنى باڵا لیستى ناو خوێندکارانیان داوە بە گەنجینە و بانکەکان.
بە وتەى وەزیرى خوێندنى باڵا، هیچ دەرماڵەیەکى خوێندکاران نافەوتێت و حکومەت لەسەریەتى سەرجەم دەرماڵەکانیان بۆ خەرج بکات جا هەر کاتێک بێت.
لە بارەى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى هەڵەبجەشەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى،”بڕیارە رۆژى پێنج شەممە بکرێتەوە، لە نزیکترین کاتدا فەرمانەکەى بۆ دەردەکەم”.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح