چاوەڕى حکومەتیان نەکرد
دانیشتووانى چەند گوندێک بە خۆبەخشى پردێکى رووخاویان چاککردەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
بەهۆى ئەو شەپۆلى بارانەى ناوەڕاستى ئەم مانگە ناوچەکانى هەرێمى کوردستانى گرتەوە، لە سنوورى ناحیەى پیرەمەگرون پردێک رووخا و رێگاى ژمارەیەک گوندى داخست، بەڵام چەند گەنجى خۆبەخشى ئەو گوندانە، دواى بێهیوابوونیان لە حکومەت خۆیان پردەکەیان چاککردەوە.
پردى تەڕەمارى کۆن، لە شەوى 15.2.2024 بەهۆى لافاوێکەوە رووخا، بەمەش رێگاى هەریەک لە گوندەکانى (تەڕەمارە کۆن، تەڕەمارى سەروو، کانى چنار و قازان)، بۆ ماوەى نۆ رۆژ بە تەواوى پچڕا.
پێشەوا خەسرەو، دانیشتووی گوندی کانی چنار بە964ـى وت،”دوێنێ، بە هاوکاری چەند هاوڵاتییەک کە بەئامێری شۆفڵ و گەڵابە بەژداربوون، وەک گەنجانی گوندی کانی چنار و تەڕەمارە کۆن، هەستاین بەپڕکردنەوەو چاکردنەوەی پردی تەڕەمارەکۆن”.
هەرچەندە دانیشتوانى ئەو گوندانە چەند جارێک بە مەبەستى چاککردنەوەى پردەکە، سەردانى لایەنە پەیوەندیدارەکانى ناحیەى پیرەمەگرونیان کردووە، بەڵام بە وتەى پێشەوا خەسرەو، تەنیا لیژنەیەک هاتووە بۆ بینینى پردە رووخاوەکە و هیچیان بۆ نەکردوون.
بەرزان رەئوف، سەرۆکى شارەوانیى پیرەمەگرون، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: چاککردنەوەى ئەو پردانەى لافاو رووخاندونى، کارى رێگاوبانى سلێمانییە، لیژنەیەکى ئەوان سەردانى پردەکەین کردووە بۆ ئەوەى کارى پێویستى بۆ بکەن، وەک شارەوانیى پیرەمەگرونیش ئەوەى پێمان بکرێت بە هاوکارى رێگاوبان ئەنجامى دەدەین، بەڵام بەهۆى کەمى ئامیرەکانمانەوە وەک پێویست ناتوانین کارەکانمان بکەین.
964 دەزانێت، ئەو پردە پێش حەوت مانگ لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە، جگە لەوەى رێگاى سەرەکى ئەو گوندانەیە، ناحیەى پیرەمەگرونیش بە قەزاى بازیانەوە دەبەستێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح