ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکاندا لە بەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی - وێنە: 964
لە سلێمانی
گروپێک داکۆکی لەو مامۆستایانە دەکات لەسەر کۆمێنت نووسین بانگهێشتی پەروەردە کراون
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
گروپێک لە مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی بڕیاریانداوە خۆبەخشانە داکۆکی لەو مامۆستایانە بکەن کە بەهۆی بایکۆتەوە لەلایەن پەروەردەی سلێمانی رووبەڕووی رێکاری یاسایی بونەتەوە.
مامۆستا شنە عەلی یەکێک لە ئەندامی ئەو گروپەیە بە 964ی وت، “گروپەکەمان لە حەوت مامۆستای ناڕازی پێکهاتووە، دەمانەوێت ببینە پارێزەری ئەو مامۆستایانەی سزا دراون یان گواستراونەتەوە یان لەسەر کۆمێنت نوسین بانگ دەکرێنە پەروەردە، پارێزەرێکمان لەگەڵە بۆ داکۆکیکردنی یاسایی کەیسەکان”.
بەوتەی ئەو مامۆستایە، تا ئێستا 300 مامۆستا بانگهێشت کراون بۆ بەشی یاسایی پەروەردە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستای خۆبەخش پەیوەندییان پێوە دەکەن.
“کەیسەکانیان جیاوازە، هەیانە ماوەیەک دەوامنەکردنی بۆ بە نەهاتوو هەژمارکراوە، مامۆستا هەیە گواستراوەتەوە، هەیە لەسەر نوسینی کۆمێنت بانگهێشتی پەروەردە کراوە” مامۆستا شنە عەلی وای وت.
لەسەر ئەم بابەتە سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت: راستە ئەو مامۆستایانە بانگهێشتی بەشی یاسایی پەروەردە دەکرێن، چونکە بەشی هەرە زۆریان لە کۆمێنتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سوکایەتیان بە بەرپرسانی پەروەردە کردووە.
ئەوەشی وت، “کاتێک بەرپرسانی پەروەردە لێدوانێکیان دەدا بەشێکی کەمیان لە قسەکانی هەڵدەگرت و بڵاویان دەکردەوە، قسەی نەشیاو لە رێگەی کۆمێنتەوە دەنوسرا، هەر بۆیە داوای یاسایی لەسەر ئەو مامۆستایانە تۆمار کراوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت”.