دیمەنی سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ لای کارمەندە بریندارەکانی کارەبای هەولێر.وێنە.وەزارەتی کارەبا
لە چاودێری پزیشکدان
سێ کارمەندی کارەبای هەولێر بریندار بوون
توانا نەقی
لە کاتی کارکردن سێ کارمەندی کارەبای هەولێر بە تەزووی کارەبا بەسەختی بریندار بوون و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکدان.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کارەبا بڵاویکردەوە، سێ کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای هەولێر 1 لەکاتی کارکردنیان لە چاککردنەوەی فیدەری 17ـەی رۆژئاوا بەهۆی تەزووی کارەباوە بەسەختی برینداربوون.
تاڤگە کاکەسور بەڕێوەبەری کارەبای یەکی هەولێر بە 964ـی وت، ئەو کارمەندانەمان لە کاتی کارکردن تەزووی کارەبا لێی داون و تووشی سووتاوی جەستەبوون.
وتیشی، نازانن رێژەی سووتاوییەکەیان چەندە بەڵام، لە ژێر چاودێری پزیشکدان و چارەسەر وەردەگرن لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر.
بە پێی ئەو وێنانەی وەزارەتی کارەبا بڵاویکردووەتەوە و پارێزگاری هەولێر سەردانی بریندارەکانی کردووە لە دەم وچاو و دەست و قاچیاندا تووشی سووتان بوون.