دیمەنێکی بای بەهێز لە سلێمانی _ وێنە: ئەرشیف
پاش شەپۆلێکی باران و لافاو
بایەک لە رێگایە ئاسمان شین و روون دەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
رۆژی یەکشەممە 25.2.2024، بای باکوری رۆژهەڵات(دارئاوس) دەست بە چالاکی دەکات و نزیکەی شەش رۆژ، لەسەر ئاسمانی ژمارەیەک ناوچەی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، کەشناسێک بە 964 وت، بایەکی بەهێزە و زیانی دەبێت.
پێشبینییەکە وایە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، خێرای بایەکە چالاک ببێت، و بەپێی کات و شوێن خێرایی زیاتر یان کەمتر بگۆڕدرێت، تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان نزیک دەبێتەوە لە 70 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەم بایە دوای شەپۆلێکی باران و دروستبوونی لافاو دێت.
بە قسەی کەشناس پشتیوان زاهیر بێت بۆ 964، لە ناوچە نزمەکان و دەشتاییەکان لە 30 کیلۆمەتر بۆ 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، با بەهێزەکە دەست بە چالاکی دەکات و بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری روودەدات، بە گوێرەی شیکاری ئەو بێت، ئەم با بەهێزە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان دەبێت، تایبەت پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، شارەزوور بەگشتی و قەزای پێنجوێن.
بایە بەهێزەکەی رانیە 30 دار و دیواری ماڵێکی خستووە
بەهۆی بەهێزی و چالاکی بایەکەوە، ئەگەری زەرەر و زیان هەیە بەتایبەتی شکاندنەوەی درەختەکان، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی ماوەی چەند رۆژێکە باران بارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستانی گرتووەتەوە و زەوی تەڕە و بەشێک لە درەختەکان شێدارن، توندی شەپۆلەکە هۆکارێکە بۆ شکان و زیاندمەندبوون، کەشناس پشتیوان زاهیر وای وت.
بای دارئاوس چیە؟
بایەکی توندە، لە کوردەواریدا بە دارئاوس ناوهێندراوە، چونکە هێزی بایەکە کاریگەرە و چەماندنەوە دروستدەکات، ساڵانی رابردوو له كۆتايیەکانی مانگی شوبات/2، لەگەڵ کۆتایی چلەی زستان چالاک بووە، و ماوەی چەند رۆژێک لە ئاسمانی ناوچەکە ماوەتەوە، ئەم بایە خۆی دەبینێتەوە له بای بەهێز و سارد، لەگەڵ چالاکبوونی ئاسمانی هەرێمی کوردستان پاک دەکاتەوە، ئاسمانێکی شین و روون دەردەکەوێت.