بەتایبەت بۆ بارهەڵگر
ئەمڕۆش پردی چەمی هەنجیرە گونجاو نییە بۆ هاتوچۆکردن
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
بارانی چەند رۆژی رابردوو، پردی چەمی هەنجیرەی لەڕێگای سەرەکی ناحیەی سەنگاو بۆ چەمچەماڵ دووچاری داڕمان کردبوو، دوو رۆژە تیمێک سەرقاڵی چاککردنەوەی پردەکەن و بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان دەڵێت، ئەگەر بۆکاری پێویست نەبێت هاتوچۆ بەسەر پردەکە گونجاو نییە بەتایبەت بۆ بارهەڵگر.
ئەحمەد عەبدولڕەحمان بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی رێگەوبانی چەمچەماڵ بە 964ی وت، “ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەڕۆینەوە بۆ چاککردنی تەواوی پردەکە، چونکە دوێنێ تەنیا فریای چاککردنی یەک لای پردەکە کەوتین، گەر هاوڵاتییان زەروور نین، واباشترە ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هەوڵدەدەین ئەمڕۆ تەواوی پردەکە چاکبکرێتەوە”.
محمد حەمید بەڕێوبەری وێستگەی کەشناسی چەمچەماڵ بە 964ی وت، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا لەچەمچەماڵ 105 ملم باران باریوەو کۆی گشتی ئەمساڵ 313 ملم باران باریوە، ساڵی پار تاکو ئەم کاتە تەنیا 269 ملم باران باریبوو.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی