گەیشتووەتە ئاستکی باش

بارانی چەند رۆژی رابردوو پیسی هەوای پاککردەوە

964+

فەهمی نەبی

بارانە بەخوڕەکەی چوار رۆژی رابردوو هەرچی دوکەڵ و پیسی ژینگە هەبوو لە هەوا نەیهێشت و ئەو پەپڵیکەیشن و ماڵپەڕانەی ئاستی کوالێتی هەوا پێوانە دەکەن، وا نیشان دەدەن هەوای شارەکانی هەرێم ئەمڕۆ یەکشەممە هاوتای ستانداردی جیهانییە.

ئەم بەیانییە ماڵپەڕی IQAir وا نیشان دەدات، کوالێتی هەوای هەولێر 32 پلەیە، ئەمەش بەو واتایەی رێژەیەکی گونجاو و باشە، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانی رێژەی پیسی هەوا لە 50 بەرەو سەرەوە ئاسایی نییە و وەک ژینگەی پیسبوو هەژمار دەکرێت.

لەماوەی رابردوودا چەند جارێکی دیکە 964 ئاستی پێوانەکردنی هەوای هەولێر و شارەکانی خستووەتەڕوو، رۆژی 11.12.2023 رێژەی پیسی هەوای شاری هەولێر گەیشتە 154 پلە ئەمەش رێژەیەکی تەواو نائاساییە و لەو رێژەیە هەموو هاوڵاتییەک پێویستی بە بەستنی ماسک دەبێت لەکاتی چوونە دەرەوە.

پیسبوونی هەوای هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز

پیسبوونی هەوای هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز

ئەمڕۆ رێژەی پیسی هەوای شاری سلێمانی 36ی تۆمارکردووە ئەمەش رێژەیەکی باشە و کێشەی نییە، سەبارەت بە شارەکانی تر هیچ داتایەک لەو ماڵپەڕانەی کوالێتی هەوا دەخوێننەوە نەخراوەتەڕوو.

رادەی پیسی هەوا ئەگەر رێژەکەی لە نێوان ژمارە یەک بۆ 50 بوو گونجاوە، بەڵام لە ژمارە 51 بۆ 100 مامناوەندە، لە 101 بۆ 150 گونجاو نییە بۆ ئەوانەی هەستیاریان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی هەناسەتەنگیان هەیە، لە 151 بۆ 200 نا تەندروستە و گونجاو نییە بۆ ژیان.

پسپۆڕانی ژینگە هۆکاری پیسیی هەوای شارەکان بۆ زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێڵ و کارگە و مۆلیدەکان دەگەڕێننەوە، بە پێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بێت، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێڵ تۆمارکراون، جگە لە هەشت هەزار ماتۆڕسکیلی کۆمپانیاکانی خواردنی خێرا.

رێکخراوێکی ئەمریکی: پیسبوونی ئاو لە عێراق و هەرێم وەک د...

رێکخراوێکی ئەمریکی: پیسبوونی ئاو لە عێراق و هەرێم وەک داعشی دووەم وایە