دوای سێ ساڵ و شەش مانگ

گۆهدار زێباری ماوەی زیندانیکردنی تەواو کرد و ئەمڕۆ ئازاد کرا

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

دوای سێ ساڵ و شەش مانگ، ئەمڕۆ شەممە گۆهدار زێباری لە چاکسازی گەورانی هەولێر ئازاد کرا.

بەشدار حەسەن پارێزەری  گۆهدار زێباری بۆ 964 وتی، “چالاکوان گۆهدار زێباری لە چاکسازی گەورانی هەولێر ماوەی زیندانیکردنی تەواوکرد و  ئازاد کرا، ئێستا بەرەو دینارتە لەرێگایە لەگەڵ کەسوکارەکەی”.

گۆهدار زێباری ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگ بە سێ تۆمەتی جیاواز بەندکرابوو.

سەرەتا شەش ساڵ حوکمدرا بە پێی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە21 ساڵی 2003 پەرلەمان “بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ”، دواتر لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم سزاکەی بۆ سوککرا بەڕێژەی %60 سزاکەی بۆ دوو ساڵ و حەوت مانگ کەمکرایەوە، دواتر بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی پێنج مانگی تر حکومدرا، پاشان بەتۆمەتی هەبوونی تاپڕێک و 150 فیشەک لەناو ئۆتۆمبێلەکەی شەش مانگیتر حکومدرا، پارێزەری گۆهدار زێباری وای بە 964 وت.

لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا کەیسی “چالاکوانانی بادینان” لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی وڵاتان دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد، بەو هۆیەوە رەخنەی زۆر ئاراستەی حکومەتی هەرێم کرا.

ساڵی 2020 بە تۆمەتی جیاواز ژمارەیەک چالاکوانی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک دەستگیرکران لەرێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک کەیسی “چالاکوانانی بادینان” ناودەهێنران، دواتر لە 16.2.2021 دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر هەریەک لە “شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا”دا سەپاند.

سبەی چوار زیندانی شیلادزی ئازاد دەکرێن

سبەی چوار زیندانی شیلادزی ئازاد دەکرێن