تیمەکانى بەرگرى شارستانى هەولێر لە کاتى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرى باڵەخانەى ئەنجومەنى وەزیران
هۆکارى ئاگرەکەى باڵەخانەى ئەنجومەنى وەزیران چی بوو؟
وریا فەتاح
لە بارەى هۆکارى ئاگرەکەى شەوى رابردووى بیناى ئەنجومەنى وەزیرانی کوردستان، بەرگریى شارستانى هەولێر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: بۆیلەری گەرمکردنی ئاو هۆکاری ئاگرەکە بوو.
وەک ئەوەى بەرگریى شارستانیى هەولێر بڵاوى کردووەتەوە، دوێنی شەو کاتژمێر( 12:50) خولەک، ئاگادارکراینەوە لە رووداوێکى ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەى ئەنجومەنى وەزیران و دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنى رووداوەکە.
باسى ئەوەشیان کردووە، تەقینى بۆیلەری گەرمکردنی ئاو (گیزەر) لە بەشى چێشتخانەیەک، هۆکارى ئاگرەکە بووە.
روونیشیان کردووەتەوە، تەقینى گیزەرەکە بووەتە هۆى کارلێک و تەقینى یەکێک لە بوتڵە غازەکانى چێشتخانەکە.
لە بارەى زیانەکانیشەوە، بەرگریى شارستانى ئاشکراى کردووە، زیانی گیانی بەدواوە نەبووە، تەنیا زیانێکی بچوکی ماددی هەبووە.
هەر لەم بارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری پشتڕاستی زانیارییەکانی کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، “بە هۆی ئاگرەکەوە، زیانی ماددی بە چێشتخانە و بەشێکی باڵەخانەکە کەوتووە”.