لیژنەیەک بەدواداچوون دەکات

رەواندز بە دەست خراپیی ئینتەرنێتەوە دەناڵێنێ

ئاکام غەفوور – رواندز

دانیشتوانی قەزای رەواندز بەدەست خراپیی هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە واوەیلایانە و داوای چارەسەرکردنی دەکەن، گواستنەوە و گەیاندنی سۆرانیش دەڵێت: ئاگادارن و لیژنەیەکی بەدواداچوون لە کێشەکە دەکۆڵێتەوە.

کەیفی محەمەد، هاوڵاتییەکی دانیشتووی رواندزە بە 964ـی وت، “خەتی ئینتەرنێت بە جۆرێک خراپە ناتوانین لەناو ماڵەکانمان ئیشی پێ بکەین و تەنانەت ناتوانین تەلەفۆنێکی پێ بکەین، بۆیە داوای چارەسەرکردنی دەکەین”.

ئەو کێشەیە گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە و گەیاندنی سۆران.

بارزان میر عەلی، بەڕێوبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆران بە 964ـی وت، “بەدواداچوون بۆ خراپیی ئینتەرنێت دەکەین لە رواندز، لیژنەیەک پێکدەهێنین کە لە هۆکارەکەی بکۆڵێتەوە تا گرفتەکە چارەسەر بکرێت”.

رەواندز خاوەنی ناحییەیەک و 47 گوندە، ژمارەی دانیشتوانی بە تەواوی ناحییە و گوندەکانییەوە زیاتر لە 25 هەزار کەسە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد