خۆڵ و خاشاک هەراسانی کردوون
دانیشتوانی گوندی قامیشە هەڕەشەی گرتنی رێگای دوکان – خەلەکان دەکەن
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی کۆکراوەی ناحییەی خەلەکان و گوندەکان لە سنووری گوندی قامیشە دانیشتوانی گوندەکەی هەراسان کردووە و دەڵێن چارەسەر نەکرێت رێگای نێوان دوکان – خەلەکان دادەخەن.
جوتیار کەمال، دانیشتویەکی گوندەکەیە، بە 964ـی وت، ” فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی ناحییەی خەلەکان لە سنووری گوندەکەمان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناوخۆش و نەخۆشی و مردنی ئاژەڵ و پەلەوەری گوندەکەمان، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری ئەو کێشەیە نەکەن هەڵوێستمان دەبێت”.
ئەو خۆڵ و خاشاکەی لە نزیک ئەو گوندە فڕێدەدرێت رۆژانە نزیکەی تۆنێکە.
ئەسوەد مەجید، ئەنجومەنی گوندی قامیشە بۆ 964 دەڵێت، “سەردانی بەڕێوەبەری ناحییەمان کردووە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە، پێیان وتووین هەوڵی چارەسەرتان بۆ دەدەین، چونکە ژینگەی گوندەکەمان وێران دەبێت ئەگەر چارەسەر نەبێت ئەوا رێگای سەرەکیی دوکان بۆ خەلەکان بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دادەخەین”.
شارەوانی خەلەکان دەڵێت، ئەو شوێنەی خۆڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدرێت دوورە لە ناوچەی نیشتەجێبوون و شوێنێکی بەردەڵانە و زەوییەکی لەوەڕگا نییە.
“ئەو پاشماوەش کە لەوێ فڕیدەدرێت ژێرخاک دەخرێت و کەمترین زیانی بۆ ژینگە هەیە”، ئارام عومەر، سەرۆکی شارەوانیی خەلەکان وای بە 964 وت.
گوندی قامیشە سەر بە ناحییەی خەلەکانە و دەکەوێتە سەر رێگای دوکان – خەلەکان، لە ئێستادا زیاتر لە 25 ماڵ لە گوندەکە نیشتەجێن.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد