دوزخورماتوو

دانیشتووانى گەڕەکى (تین) تینیان بۆ هاتووە

+964

سیروان خورشید- دوزخورماتوو

ئەو زبل و خاشاک و پاشماوەیەى تینى بۆ دانیشتوانى گەڕەکى “تین”ى خورماتوو هێنابوو، چارەسەرکرا و سەرۆکى شارەوانیی قەزاکەش دەڵێت: دەبێت شوێنێکى گونجاو بدۆزینەوە.

ماوەیەکە بۆنێکی ناخۆش لە گەڕەکى تینى قەزاى خورماتوو بڵاو بووەتەوە، دانیشتووانى گەڕەکەکەى بە تەواوەتى بێزار کردووە، ئەوەش بەهۆى شوێنى فڕێدانى خۆڵ و خاشاکەکان کەوتووەتە نزیک گەڕەکەکە.

حوسێن جەلال، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی تینی قەزاکەیە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: نزیکەی ساڵێکە لەلایەن کارمەند و پاککەرەواکانی شارەوانی و بەشێک هاوڵاتیانەوە پاشەڕۆ و زبڵ خاشاکەکانی ناو قەزاکە دەهێننە دەرەوەی قەزاکە و ئەو شوێنەش کە زبڵ و خاشاکەکانی لێ فڕیدەدەن، نزیکە لە گەڕەکەکەی ئێمەوە، بۆیە شەوانە بۆنێکی ناخۆش باڵ دەکێشێت بەسەر گەڕەکەکەمان و هەموومان بێزار بووین.

مەرعی رەشید، سەرۆکى شارەوانیی خورماتوو لە بارەى کێشەکەوە بە 964ى وت، “لەلایەن تیمێکی شارەوانییەوە هەستاوین بە ژێرخاککردنی ئەو پاشەڕۆیانەی کە لەوێ فڕیدراون و پاشان پاککردنەوەی شوێنەکە.

بە وتەى سەرۆکى شارەوانیى خورماتوو، هاوڵاتیان مافی خۆیانە گلەیی بکەن، چونکە ئەو شوێنەی زبڵ و خاشاکی تێدا فڕێدراوە، نزیکە لەو گەڕەکەوە و بۆنەکەى بۆ خەڵکەکەى دەڕوات.

لە بارەى چارەسەرکردنییەوە، مەرعى رەشید وتى، “چیتر لەو جێگەیە فڕێدانی زبڵ و خاشاک قەدەغەیە و دەبێت شوێنیکی گونجاو دیاریی بکەین و دوور لە دانیشتووانی قەزاکە بێت و پاشان بسووتێنرێت، بۆ ئەوەی چیتر ئەو بۆنە ناخۆشە نەگاتە دانیشتووانی قەزاکە و پارێزراوبن لە رووى تەندروستییەوە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشێک لە گەڕەک و ناحیەکانی دوزخورماتوو ...

بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشێک لە گەڕەک و ناحیەکانی دوزخورماتوو بێ ئاو دەبن