باڵەخانەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم - وێنە: پەیجی دەستەی وەبەرهێنان.
بەپێی ئامارێکی دەستەی وەبەرهێنان
هەولێر خانووی دەوێت و سلێمانیش شوقە
پێشەوا محەمەد
بە پێی ئامارێکی دەستەی وەبەرهێنان، لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا لە هەولێر زۆرترین ئەو یەکانەی دروستکراون خانوو بوون و لە سلێمانیش شوقە بوون.
بە پێی ئامارەکەی دەستەی وەبەرهێنان کە بە 964 دراوە، 213 هەزار و 824 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، لەو رێژەیە 111 هەزار و 755 یەکەیان لە هەولێر و 53 هەزار و 446 یەکەشیان لە سلێمانی بوون، ئەوانەی دیکەش لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تر دروستکراون.
ئامارەکەی دەستەی وەبەرهێنان دەریدەخات، لە هەولێر زۆرترین یەکەی دروستکراو خانوو بووە، کە 58 هەزار و 264 خانوون. لە شاری سلێمانی زۆرترین یەکەی دروستکراو شوقەن، کە 31 هەزار و 565 شوقەیە.
“خواست و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون پەیوەندی بە کولتوور و شێوازی ژیانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوە هەیە و ئەو جیاوازییەش لەنێوان شوقە و خانوودا ئەو پرسە کولتوورییە دروستی کردووە و شتێکی ئاساییە”، ئەوە قسەی پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتییە لە دەستەی وەبەرهێنان بۆ 964.
پشتیوان حەمەسەعید نموونەی قەزا و ناحییەکانی هەرێم دەهێنێتەوە، کە بەهۆی شێوازی ژیان و راهاتنیانەوە کەمترین شوقەیان تێدا دروستدەکرێت، “چونکە خواستی لەسەر نییە و کەس نایکڕێت و زۆرینەی پڕۆژەکان خانوون”.