ئیدارەى راپەڕین
بازرگانێکى مادەى هۆشبەر بە یەک کیلۆ کریستاڵەوە دەستگیر کرا
964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک
لە هەڵمەتێکی هاوبەشی هەردوو بەرێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانى کەرکوک و سلێمانی، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر لە سنورى قەزاى پشدەر بە یەک کیلۆ کریستاڵەوە دەستگیرکرا.
بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیى نەهێشتنى مادە هۆشبەرەکانى کەرکوک، کە قسەى بۆ 964 کردووە، دوێنێ هەینى، دواى چاودێریکردنى وردى هەواڵگرى بە هاوبەشى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیى مادە هۆشبەرەکانى سلێمانى، توانرا بازرگانێکى مادەى هۆشبەر بە یەک کیلۆ کریستاڵەوە لە سنورى نێوان رانیە و قەڵادزێ دەستگیر بکرێت، دەستگیر بکرێت.
دوێنێ هەینى، 964 لە رێگەى سەرچاوەیەکى تایبەتەوە ئەوەى زانى کە لە هەڵمەتێکدا، لە رێگاى نێوان رانیە و قەڵادزێ، لە نزیک گوندى کەنجارە، لەلایەن هێزێکى تایبەتەوە ئۆتۆمبێلێک بە شۆفێرەکەیەوە دەستبەسەرکراوە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ماددەى هۆشبەرى پێبووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکى ئەمنى سنورەکە ئامادە نەبوو زانیارییەکە پشتڕاست بکاتەوە.
سەرچاوەکەى بەڕێوەبەرایەتى مادە هۆشبەرەکانى کەرکوک وتیشى،”ئەو کەسەى دەستگیرکراوە دانیشتوى قەزاى پشدەرە و لە دەرەوەى هەرێمەوە مادەى هۆشبەرى هێناوە و بە گرام فرۆشتویەتیی بە بەکارهێنەران”.
لەبارەى چۆنییەتى دەستگیرکردنى ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، ماوەیەک پێش ئێستا، لەکەرکوک تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە و لە رێگەى ئەوەوە توانراوە ئەو کەسەش بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح