لۆگۆی پاریس سانجێرمان
یاریزانێكی پاریس سانجێرمان كۆچی دوایی كرد
یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی رایگهیاند، یاریزانی پێشووی یانهكه مۆدێست مبامێ لە تەمەنی 40 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
پاریس سانجێرمان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: “مۆدیست مبامێ لە تەمەنی 40 ساڵیدا دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بووه، ئێوارهی شهممه کۆچی دوایی کرد”.
یانه پاریسییهكه سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی و خۆشەویستانی یاریزانهكه كرد.
مۆدێست مبامێی كامیرۆنی، جگه له پاریس سانجێرمان، بۆ یانهی مارسیلیاش یاریی كردووه و لە ساڵانی 2004 و 2006 لەگەڵ پاریس سانجێرمان نازناوی جامی فەڕەنسای بەدەستهێناوه.

یاریزانە کامیرۆنییەکە ئەزموونی لە چەندان خولدا هەبووە، وەک یانەکانی ئیسپانیا، چین و سعوودیه، پێش ئەوەی لە ساڵی 2016 واز لە یاریکردن بهێنێت، دوای ئهوهی ماوەیەکی کورت لەگەڵ یانەی لۆهاڤهری فەڕەنسی یاریی كرد.
مۆدێست مبامێ له ئاستی نێودهوڵهتییشدا 37 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی کامیرۆن كردووە و سێ گۆڵی تۆمارکرد، هەروەها بەشێک بوو لەو تیپەی لە ئۆڵمپیادی سیدنی ساڵی 2000 پلهی یهكهم و مهدالیای زێڕیان بەدەستهێنا.