شەش ملیۆنی تێدەچێت
نائومێد بوون خۆیان بۆری ئاوەڕۆ رادەکێشن
964+
ئەحمەد مستەفا
لە گەڕەکی هەواری تازەی قەزای سەیدسادق، کۆڵانێک کە 15 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، لەسەر ئەرکی خۆیان بۆری ئاوەڕۆییان راکێشا.
ئەوان چەند ساڵێکە چاوەڕوانی شارەوانی شارەکەن بوون، بەڵام بەهۆی بێ پارەییەوە نەیتوانیوە بۆیان جێبەجێ بکات، ئومێد محەمەد کەسێکە لەوانەی هاوکاری پڕۆژەکەی کردووە ئەو بە 964ی وت، ماڵەکان نزیکەی شەش ملیۆن دیناریان کۆکردووەتەوە.
هەر ماڵێک زیاتر لە 300 هەزار دیناری بە پڕۆژەکە بەخشیوە، شارەوانی سەیدسادق، هەڵکەندنی تۆڕی ئاو و پڕکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە، بەوتەی ئومێد محەمەد بێت، سەرجەم بۆری راکێشانی تۆڕی ئاوەکە و کێی حەفارەکە، لەلایەن خەڵکی کۆڵانەکەوە سەرپەرشتی کراوە، دەیانەوێ هەرچی زووترە لە بۆنی ئاوەڕۆی کۆڵان رزگاریان ببێت.
خێرخوازان رێگای ناو گۆڕستانی سەیدسادق تێکەڵەڕێژ دەکەن
حەمزە محەمەد، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق بە 964ی وت، زۆرینەی گەڕەک و ناوچەکانی سەیدسادق هێشتا وەک پێویست دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتووە، بەلایەنی کەمەوە 35 ملیار دینارمان بۆ ئەو پڕۆسەیەش دەوێت.
بە وتەی ئەو بێت، ئەوان داواکارییەکانیان بۆ پارێزگای سلێمانی، وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانیان کردووە، بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی “هەموو نوسراوەکان بە رەفز” هاتوونەتەوە.
سەنتەری سەیدسادق 75 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، بەکۆی سنورەکەی 106 هەزار کەسن، زۆرینەی کۆڵانەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، شۆستە و رێگەی قیر و کۆنکرێتی پێ نەگەیەندراوە، تەنانەت کۆڵان هەن هێڵی کارەبای نییە.