سەرۆکی شارەوانی ناحیەی دارەتوو. وێنە :964
هۆکارەکەی چییە؟
سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو دەستی لەکارکێشایەوە
زەید کۆچەر – دهۆک
سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی دارەتووی سەر بە قەزای بەردەڕەش دەستی لەکارکێشایەوە و دەڵێت، “دەمەوێ ببێت بە نەریتێک و هەموو کەس بزانێت کورسی بۆ کەس نامێنێت”.
کاروان شەهاب نووری، سەرۆکی شارەوانییەکە لە ساڵی 2021 ـدا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی دارەتووی وەرگرتووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتا رۆژی دەوامی بوو لەو پۆستەدا.
ناوبراو بە 964ـی وت، “من دەستم لەکارکێشایەوە تەنها لەسەر ئەساسی ئەوەی ببێت بە نەریتێک و هەموو کەس بزانێت کورسی بۆ کەس نامێنێت و ناکرێت هەموومان بڵێین جێگام خۆشە و بەجێی ناهێڵم، سەرەڕای ئەوەی لە سنووری بەردەڕەش کەمترین گۆڕانکاری پۆستەکان دەکرێت، بەڵام ویستم ئەم بریارە بدەم دوای ئەوەی ماوەی خۆمم تەواو کرد”.
وتیشی، “لەمیانەی ئەو ماوەیەی کارم تیادا کردووە درێغیم لە کارەکانم نەکردووە و هەمووی بەتەواوی جێبەجێ کراوە و هەندێکیان لەژێر جێبەجێکردندان، دوای بەجێهێشتنی پۆستەکەم لە بەڕێوەبەرایەتیی قایمقامیەتی بەردەڕەش وەکو ئەندازیار و سەرپەرشت لەسەر پڕۆژەکان دەستبەکاردەبم”.
بەپێی زانیارییەکانی 964، بریار وایە سەرۆکی شارەوانیی کۆمەلگای بەنێنان “شێروان رەفعەت” پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ناحییەی دارەتوو وەربگرێت و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەستبەکار دەبێت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد