سەتا 21ی عەریزەنووسەکانی کوردستان لە ژنانن
964+
فەهمی نەبی – هەولێر
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، سەتا 21ی عەریزەنووسەکان لە هەرێمی کوردستان لە ژنانن و رۆژانە لە 71 فەرمانگە کاروباری هاوڵاتیان رایی دەکەن.
بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی هەرێمی کوردستان و عێراق ژنان کاروباری عەریزەنووسی بەڕێوە دەبەن.
لە کۆی 71 فەرمانگە 61 فەرمانگە بە ئەلیکترۆنی کراون و رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن مامەڵەی هاوڵاتیان رایی دەکرێت لە هەرێمی کوردستان.
لەو 71 فەرمانگەیە 960 کەس کاری تێدا دەکات و زیاتر لە 200یان لە ژنانن.
شۆڕش غەفوری، بەرپرسی پەیوەندیەکانی کۆمپانیای Info RR، کە ئیشوکاری عەریزەنووسی هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم رایی دەکات، بە 964+ی وت “سێ ساڵە فەرمانگەکانی دادنووسی دراونەتە کۆمپانیاکەی ئێمە، بە بەرنامە کارمان کردووە لە هەرسێ پارێزگا، تاوەکو بەشێوەیەکی یەکسان رەگەزی مێینە زیاد بکەین”.
بە گوتەی شۆڕش، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی هەرێمی کوردستان و عێراق ژنان کاری عەریزەنووسی بکەن.
چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژەی سیستمی دیجیتاڵی فەرمانگە دادنووسیەکان، کاروباری راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیانی لە فەرمانگە دادنووسیەکان بە ئەلیکترۆنی کردووە.
پیشەی عەریزەنووسی، ئاسانکارییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە دام و دەزگاکانی حکومەت داواکاری پێشکەش بکەن