"هێرشەکە شەرمەزار دەکەین"
لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر کۆمکاری عەرەبی رەشنوسێکی حەوت خاڵی پەسەند کرد
964+
فەهمی نەبی
لەبارەی هێرشە موشەکیەکەی شەوی 15ی ئەم مانگەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر و لەسەر داواکاری عێراق، کۆمکاری عەرەبی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا و رەشنوسێکی حەوت خاڵی پەسەند کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمکاری عەرەبی دەنگیدا لەسەر رەشنوسێک کە ئیدانەی توندی کۆمکاری عەرەبی لەخۆدەگرێت بەرامبەر ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر هەولێر ئەنجامیداوە.
لە رەشنووسەکە هاتووە؛ کۆمکاری عەرەبی بەتوندی بۆردوومانکردنی ناوچەی مەدەنی و شوێنی نیشتەجێی هاوڵاتیان شەرمەزار دەکات، ئەم هێرشە دەستدرێژیەکی ئاشکرایە دژ بە سەروەری عێراق، ئەوەش هاتووە “ئەو هێرشە بۆ سەر ئاسایشی گەلی عێراق، پێشێلکارییەکی قورسی پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش و یاسا و میساق و نۆرمە نێودەوڵەتییەکانە”.
لەبەشێکی دیکەی رەشنووسەکە هاتووە “ئیدانەی هەموو پاساو و بیانووەکانی حکومەتی ئێران دەکەین، مافی پێشێلکردنی سەروەری وڵاتێکی دیکە بە هیچ وڵاتێک نادرێت، لەو رێگەیەوە ژیانی هاوڵاتیانی بخاتە مەترسییەوە، ئەم هێرشە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی یەکگرتووی گەلانە”.
ئەوەش هاتووە، ئەم بڕیارنامەیە، لێپرسینەوە لە هەموو دەرئەنجامەکانی ئەم پێشێلکارییە و ئەنجامەکانی دەکات لەگەڵ ئێران و بە پێشینەیەکی مەترسیداری دەزانێت، دووبارەبوونەوەی رەنگە بە تەواوی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە تێکبدات”.
کۆمکاری عەرەبی، عێراق وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری ئەو کۆمکارە ناساندووە و عێراقی دەستکراوە کردووە لە بەجێهێنانی رێکارە یاساییەکان.
لە رەشنووسەکە داوا لە وڵاتانی عەرەبی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، لەگەڵ عێراق دەنگی پێویست کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم هێرشە بۆ سەر سەروەری عێراق بناسێنێت.
کۆمکاری عەرەبی، ئەنجومەنی باڵیۆزانی عەرەبی راسپاردووە لەهەریەکە لە نیویۆرک، جنێڤ، ڤیەنا، برۆکسل، واشنتۆن، لەندەن، پاریس، پەکین و مۆسکۆ بڕیارەکە رەوانەی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە بکەن.
داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بکرێت، داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێت و بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایەی عێراق بکەن کە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە.
شەوی 15.1.2024 سوپای پاسداران بەبیانوی بوونی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی، ماڵی سەرمایەدار “پێشڕەو دزەیی” بۆردوومان کرد، خۆی و منداڵەکەی و کەسێکی دیکەی سەرمایەدار لەو هێرشە گیانیان لەدەستدا، بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان “لە هێرشەکاندا چوار هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە رەوشی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە”.