چیرۆکی یەکەم پاسی سلێمانیت بیستووە؟

964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی

لە شاری سلێمانی چەند هێڵێکی پاس بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان هەن، لە سەرەتادا چەند هێڵێکی کەم بوون لەگەڵ فراوانبوونی شاردا هێڵەکانیش زیادیان کرد.

بەپێی بەدواداچوونێکی 964+، لەگەڵ چەند شۆفێرێکی کۆنی هێڵەکانی سلێمانی، چەند هێڵێکی کەم هەبووە کاتی خۆی، وەکو سەرچنار، توی مەلیک و ئازادی، وەک باسیان دەکرد توی مەلیک و ئازادی یەکەم هێڵی پاسن لە سلێمانی کە لەلایەن مامە رەشە، تۆفیق و نوری دامەزراوە و ئێستا لە ژیاندا نەماون.

  964+ سەردانی هێڵی ئازادی کرد بە مەبەستی زانیاری لەسەر مێژووی هێڵەکە، کۆنترین شۆفێرمان دۆزیەوە ئەویش ئەکرەم عوسمانە، ماوەی 40 ساڵە لە هێڵی ئازادی – ئیسڵاح کاردەکات، باسی لەوەکرد، پیاوێک بەناوی مامە رەشە، لە ساڵەکانی 1960 بۆ 1965 لێرە بە پاسێکی تەختە هاوڵاتی لەناو بازاڕەوە بۆ سەدەکەی ئازادی گواستووەتەوە، پێشی پاسەکە بە 10 فلس و بەشی دواوە بە پێنج فلس بووە.

لەگەڵ فراوانبوون و گەورەبوونی شاری سلێمانی، ژمارەی هێڵەکان و پاسەکانیش زیادیان کردووە، 1601 پاس لە 25 هێڵدا لە سلێمانی کاردەکەن، کە 482 پاسیان مۆدێلیان بەسەرچووە و تەمەنیان هی کاتی 50 فلسیە و سەر و چل ساڵن.

ئەکرەمی تەمەن 53 ساڵ، باسی جیاوازییەکانی ئێستا و رابردووی خۆی بۆ 964+ کرد و وتی، دوای مامە رەشە لە ساڵەکانی 1970 بۆ سەرەوە پاسی پۆڵەنی، ڤان و ریم هات “لە ناوەڕاستی هەشتاکان دەست بەکاربووم، لێرە پاسێکی پۆڵەنیم پێبوو 13 نەفەری دەگرت، بەڵام 16 نەفەر سەردەکەوتن”.

ئەو دەڵێت “لە گەڕەکەکەی ئێمە بەس من سەیارەم پێبوو کرێی نەفەرێک بە پەنجا فلس بوو ئیشمان زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی هەموو ماڵێک سەیارەی خۆی هەیە ئێشەکەی ئێمە کز بووە، ئەوکاتە بە 10 دەقە نەفەرێکم ئەبرد، سەرجادە چۆڵ بوو هەر بۆ گەڕەکی ئازادیمان دەبردن ئێستا بە نیو سەعات نەفەرێک نابەم، بۆ چەند شوێنێکیش دوو نەفەر ئەبەین”.