تا ئێستا 10 گەنج بێسەروشوێنن

یۆنان چوپی پەنابەرە کوردەکان کون دەکات کاتێک دەیانگەڕێنێتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

لەلایەن “پۆلیسی یۆنانەوە” چوپ و بەلەمی ئەو پەنابەرە کورد و بیانیانە کون دەکرێ کە دیپۆرتی تورکیا دەکرێنەوە، فیدراسیۆنی پەنابەران ئەمەی داتا کردووە و دەشڵێت، “خەڵک با ئاگایان لە خۆیان بێت، هەندێک گرووپی ساختە پەیدابوون”.

رۆژ نییە لە تورکیا 100 پەنابەر دەستگیر نەکرێن کە بەشێکیان کوردن، بە گوێرەی سۆراغی 964 ئەو کەسانەی لە پارچە جیاوازەکانی کوردستانەوە کۆچ دەکەن، زۆرینە گەنج یان بە خێزانی چوون، بەلەمێکی چوپ، کە دەچێت بۆ دوورگەکانی یۆنان، لە جیاتی 20 پەنابەر، کابرای قاچاخچی 60 کەسی تێدەکات، یاخود بۆ ئیتالیا یەختی چارۆکەدار لە 60 بۆ 100 پەنابەری تێدەکرێ.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7.1.2024، هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە تورکیا بە 964ی وت، ئەم یەختانە بۆ گەشتی کورتمەودا بەکاردێن، نەک بۆ 100 کەس و رۆیشتنی هەفتەیەک لە دەریای سپی ناوەڕاست، هەموو ئەو یەختانەش کوردیان تێدایە، زۆرجار تەواوی ئەوانەی لەیەختەکەدان و بەرەو ئیتالیا دەڕۆن، سەرجەمیان گەنجانی هەرێمی کوردستانن.

"ئەمساڵ 21 هەزار کەس لە هەرێمەوە کۆچیان کردووە"

“لەلایەن یۆنانەوە زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ گشت پەنابەران دەکرێت، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی گێت، ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی پێیانە، ئازاری جەستەیش دەدرێن، کاتێکیش بۆ سنووری دەریایی تورکیا دیپۆرتیان دەکەنەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەیان چوپەکانیان کون دەکەن، بۆ ئەوەی نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ دوورگەکانی یۆنان، ئەگەر پۆلیس فریایان نەکەوێ هەموویان نوقم دەبن”، هیوا خدر وای وت.

بە وتەی ئەو، ئێستا کەشوهەوا زۆر خراپە، شەپۆڵەکانی دەریا سەختن بۆ کۆچکردنی پەنابەران، جگە لە کورد، زۆرینەیان سوری و ئەفغانین، وتیشی، “ئەوەندەی زانیومانە، ساڵی رابردوو نزیکەی 10 گەنجی کورد بێسەروشوێن بوون، کە گومان دەکەین یەکێکیان لە کاتی سووتانی دارستانەکانی یۆنان گیانی لەدەستدابێت”.

فیدراسیۆنی پەنابەران ئاگادارە، دەیان خێزانی کورد بەناوی ڤیزای کەنەدا و ئەوروپا و بە ناوی رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) وە هەڵدەخەڵەتێندرێن، ماوەی رابردوو خێزانێکی کوردی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ بەڕێکردنیان بۆ بەریتانیا بڕی 45 هەزار دۆلاریان لێوەرگیرا و نەگەیشتوون، هیوا خدر وتی، “ئەو رێکخراوانە کاریان راوێژکاری و پاڵپشتییە، تەنیا لەسەر داواکاری وڵاتەکە پەنابەری بۆ دەنێرێت نەک داواکاری کەسیی”.

بەم سەرما و سۆڵەیە پەنابەران واز لە ئامانجەکەیان ناهێن...

بەم سەرما و سۆڵەیە پەنابەران واز لە ئامانجەکەیان ناهێنن