تۆمەتبارێکیش هەڵاتووە
لەسەر بڕینەوەى دارى تەڕ هاوڵاتییەک دەستگیرکرا
964+
وریا فەتاح
لەلایەن پۆلیسى دارستان و ژینگە، هاوڵاتییەک لە سنورى قەرەداغ دەستگیرکرا و لە بازیانیش دەستبەسەر ئامێرێکى بیرهەڵکەندندا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوى کردەوە، مەفرەزەکانیان لە قەرەداغ لە کاتى بڕینەوەى دارى سروشتى هاوڵاتییەکیان دەستگیرکرد و ژمارەیەک دارى بڕدراویش دەستى بەسەرداگیراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7.1.2024، هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی ژینگە و دارستانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسی دارستانی قەرەداغ، لەکاتی بڕینەوەی دار لە گوندی چەمی سمۆرە بەدیکراوە و دەستگیر کراوە.
لەدوای دۆزینەوە و دەستگیر کردنی دار بڕەکە، دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەک پارچە داردا کە لەلایەن تۆمەتبارەکەوە بڕاونەتەوە.
لە گوندى زییەکەى بازیانیش، مەفرەزەیەکى بنکەى پۆلیسى دارستان، دەستى گرت بەسەر ئامیرێکى بیرهەڵکەندن لە جۆری بەرینە و ئۆتۆمبێلێک و مۆلیدەیەکى کارەبایى.
وەک ئەوەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى بڵاوى کردووەتەوە، پێش گەیشتنی مەفرەزەکە تۆمەتبارەکە هەڵاتبوو.