پڕۆسەکە بەردەوامە
زیاتر لە 144 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون
964+
پێشەوا محەمەد
بە پێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون و پڕۆسەکەش بەردەوامی هەیە.
دەستەبەرکردنی کرێکاران بە هەردوو یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987 بەڕێوەدەچێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ هەینی 5.1.2024 بڵاویکردووەتەوە، بەپێی یاسا بەرکارەکان تەمەنی خانەنشینیی پیاوان 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە، بۆ ژنانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە و 880 کرێکار خانەنشینی وەردەگرن.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە، پێویستە هەر خاوەن پڕۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاکو خۆیان دەستەبەر بکەن.
لە دەستەبەرکردنی کرێکاراندا، 5%ـی موچەی کرێکار و 12%ـی داهاتی خاوەن پڕۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی کرێکار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەکەی دەدرێتێ.
جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت هیچ کرێکارێک موچەکەی لە ٣٥٠ هەزار کەمتر بێت”، ئەوەش قسەی مەریوان بەگۆک عەزیزە.
دەشڵێت، هەندێک خاوەنکار دەیانەوێت کرێکاران دەستەبەر نەکرێن، هانیان نادەن و زانیارییان لێ دەشارنەوە، لەبەر ئەوەی نایانەوێت داهاتیان کەمبێتەوە و ئەوەش سزای لەسەرە.