18 تیمی هەیە

دەزگای گشتی کاروباری مین دەست بە خولەکانی دەکاتەوە

پێشەوا محەمەد

دەزگای گشتی کاروباری مین لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەست بە خولەکانی دەکاتەوە بۆ تیمەکانی مینلابەری دەستی، کە سەرەتای هەموو ساڵێک ئەنجامی دەدەن.

دەزگاکە 18 تیمی مینلابەری دەستی هەیە و لە کێڵگەکانی کوردستاندا سەرقاڵی پاککردنەوە زەوییە بە مینڕێژکراوەکانن.

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە 964ـی راگەیاند، خولەکان سەرەتای هەموو ساڵێک دەوترێنەوە و ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنن.

وتیشی، “ئامانج لێیان زیاتر هۆشیارکردنەوەی تیمەکان و سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە زانیارییەکان و شێوازەکانی مینهەڵگرتنەوە و بەکارهێنانی تەکنیکە نوێکان و مەرجە سەلامەتییەکان”.

لەو 776 کیلۆمەتر زەوییەی لە هەرێمی کوردستان بە مین چێندرابوو، 521 کیلۆمەتری پاک کراوەتەوە.

دەزگاکە 35 تیمی مینهەڵگرەوەی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلەوە تەنیا 18یان چالاک کراون و کاردەکەنە.