"هەر کەسێک کڕین و فرۆشتنى پێوە بکات سزا دەدرێت"
بەهۆی قەدەغەکردنیەوە فرۆشیاری یارییە ئاگرییەکان بازاڕیان کز بووە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لەبازاڕی سلێمانی یارییە ئاگرییەکان بە ئاشکرا دەفرۆشرێن، لیژنەكانی قایمقامیەتیش دەڵێن: هەركەسێك کڕین و فرۆشتنى پێوە بکات، دەستگیرى دەکەین و دەیدەینە دادگا.
یارییە ئاگرینەكان لە بۆنەو ئاهەنگەكان بۆ دەربڕینی خۆشی، بەشێک لە خەڵكی بەكاریدەهێنن، بەتایبەت لە شەوی سەری ساڵی نوێ دیاردەیەكی بەربڵاوە لە ناو گەنجان و مێردمنداڵاندا.
ئەحمەد باقی، لە بازاڕى شارى سلێمانى فرۆشیاری یارییە ئاگریینەكانە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: دواى کاتژمێر 2:00 دێینە ناو بازاڕ بۆ فرۆشتنى یارییە ئاگرینەکان و تەقەمەنییەکان، چونکە ئەوکات کارمەندانى شارەوانى لە ئەرک تەواو دەبن و رێگە نادەن کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت.
زۆربەى تەقەمەنى و یارییە ئاگرینەکان لە وڵاتى چینەوە دێن و بەوتەى ئەو فرۆشیارە دوو جۆریان هەیە، جۆرێکیان بچوکە و دانەى بە هەزار دینارە و گەورەکە چوار بۆ پێنج هەزار دینار، بەڵام بەهۆى قەدەغەکردنییەوە 70%ى بازاڕیان کز بووە.
لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامییەتى سلێمانى بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنى فرۆشتنى تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان، رێکان جەمال، سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکان بە 964ى وت،”تەقەمەنى و یارییە ئاگرینەکان، ئەمساڵ بەڕێژەیەكی بەرچاو لەچاو ساڵانی پێشوو كەمیكردوە، دەتوانم بڵێم بە هاوکارى لایەنە ئەمییەکان تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵمان كردوە”.
“هەر هاوڵاتییەک بە تەقەمەنى و یارییە ئاگرینەکانەوە بگیرێت، جارى یەکەم لێى دەسەنن و بەڵێننامەى پێ پڕدەکەینەوە، بەڵام ئەگەر بۆ جارى دووەم دەستگیر بکرێت، روبەڕوى دادگاى دەکەینەوە”، رێکان جەمال، واى بە 964 وت.
پێداچونەوە- وریا فەتاح