ئێستا رەوشەکە ئاساییە
بارانی بەخوڕ دیواری چەند ماڵێکی لە مێرگەسوور روخاندووە
964+
ژووری هەواڵ
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە شەوی رابردوو قەزای مێرگەسووری گرتەوە، ئاو چووەتە ژمارەیەک ماڵ و دیواری چەند خانویەک رووخاون، قایمقامیەتی قەزاکەش دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24.12.2023، غەفور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسوور بە 964ـی راگەیاند، ئێستا رەوشەکە ئاساییبووەتەوە، بەڵام شەوی رابردوو بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، ئاو چووە نێو ژمارەیەک ماڵ و دیواری چەند خانوویەک رووخان.
درەنگانی شەوی رابردوو، قایمقامیەتی قەزاکە هۆشداری دابووە هاوڵاتیان کە مەترسی دروستبوونی لافاو هەیە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە کانیاو و جۆگەیان لێیە و دەبێت لەکاتی بارانبارینی زۆر و مەترسی لافاو ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
قایمقامیەتی مێرگەسوور لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بە زووترین کات بەڕێوەبەری ناحیەکانتان ئاگادار بکەنەوە بۆئەوەی تیمەکانمان بگەنە جێگای مەبەست.”
بەپێی راپۆرتی کەشناسی هەرێم، کە شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی 12 کاتژمێردا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، زۆرترین رێژەی بارانبارین مێرگەسوور بووە 98.6 ملم بارانی لێ باریووە، کەمترین رێژەی باران لە کەرکوک بووە، 0.6 ملم بووە.