گژوگیا نەماوە
ئاگاتان لێیە جۆ گران بووە؟
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
فرۆشی جۆ لە بازاڕەکانی هەولێر گەرمە، گژوگیا نەماوە و ئاژەڵدار بۆ تێرکردنی برسێتی ئاژەڵەکانیان ئەوەی هەیانبێ دانەوێڵەیە، تا بەم سەرمایە سکی ساردی ئاژەڵەکانی پێ گەرم بکەنەوە.
خواستی زیاتریش لەسەر جۆی خۆماڵییە.
ئەمڕۆ شەممە 23.12.2023، دڵزار رەشید، فرۆشیاری دانەوێڵە به 964ـى وت، “لە ئێستادا، کەشی دەشت هاوکار نییە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ، بۆیە پێویستی زیاتریان بە ئالیک و جۆ دەبێت، چەند رۆژێکە بەهۆی زاوزێی مەڕی سپیشەوە، ئەوەندەی تر بازاڕی جۆ گەرم بووە و مەڕداران زیاتر سەردانمان دەکەن”.
باس ھەر باسی گەنمە کەس ئاگای لە جۆ نەماوە
بە قسەی ئەو فرۆشیارەبێت، بەراورد بە دوو مانگ پێش ئێستا بۆ هەر فەردەیەک 6-7 هەزار گرانتربووە، بازارەکە تا کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو، بەمشێوەیە گەرم دەبێت، ئەو وتی، “چونکە زاوزێی ئاژەڵ و مەڕی سپی پێویستی بەوەیە ئاژەڵەکان تێربکرێن”.
جۆی خۆماڵی کیلۆی بە 600 دینارە و فەردەی بە 30 هەزار، جۆی رۆسی 45 کیلۆیی فەردەی بە 25 هەزارە، هەروەها جۆی ئۆکرانی 50 کیلۆیی فەردەی بە 25 هەزار دینارە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا