لە درەنگانی ئەم شەوەوە دەستپێدەکاتەوە
کەشناسی: باران بارین تا دووشەممە بەردەوام دەبێت
964+
توانا نەقی
بە پێی پێشبینی کەش و هەوا ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە تا رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت و بەفر بارینیش لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە.
لە دوێنێ شەوی پێنجشەممەوە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم بارانی بە لێزمە دەبارێت و لە ناوچەکانی پشدەر و ئامێدی و پێنجوێن و ناوچە سنورییەکان بڕێکی زۆر بەفر باریوە.
ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە هەرێم کردووە تا رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت و کاریگەری هەر دەمێنێت.
وتیشی، لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆوە بارانەکە وەستاوە و تەنیا هەورە، چاوەڕێدەکرێت لە کاتە درەنگەکانی ئەمشەوەوە لەگەڵ سبەینێ بارانی بە لێزمە ببارێت.
بە ڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، جارێ هیچ پێشبینییەک نییە بۆ بارینی بەفر لە سلێمانی و چاوەڕێ ناکرێت بەفر ببارێت.
کەشناسی هەرێمیش بڕی باران بارینی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو تا کاتژمێر 9:00 ئەم بەیانییەی بڵاوکردەوە و تیادا لە هەریەک لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر 10.1 ملم، سلێمانی 3.4 ملم، دهۆک 5.5 ملم، کەرکوک 5.8 ملم و هەڵەبجە 0.7 ملم باران بارییەوە.