"بۆ نەهێشتنی زێدەڕۆییە"
حەرەمی گوندەکان دیاریدەکرێتەوە
964+
فەهمی نەبی
حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە لیژنەیەک بۆ یەکلاییکردنەوە و چارەسەرکردنی گرفتی زەوییەکانی شارەوانی و کشتوکاڵی لە هەولێر و ئیدارەی سۆران دروست بکات، وەزارەتی شارەوانی راسپاردەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کراوە و لیژنەی بۆ دروستکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەو لیژنەیە یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا، وەزیری شارەوانی سەرۆکی لیژنەکەیە و پارێزگای هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەندامن.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو لیژنەیە بە 964ی راگەیاند، لیژنەکە کاری ئەوەیە زێدەڕۆییەکانی سەر موڵکی شارەوانی و کشتوکاڵی کە لەمەوبەر کراون نەهێڵێت زیاتر بێت، بەشێکی دیکەی کاری ئەو لیژنەیە دەستنیشانکردنەوەی حەرەمی گوندەکانە بۆ ئەوەی زیاتر نەڕوا و چیدیکە زیدەڕۆیی نەکرێتە سەر زەوی حکومەت.
ئەوەشی وت، کۆمەڵێک بڕیار هەیە کە پێشووتر حکومەت لە بەرژەوەندی خەڵکی هەژار داویەتی وەک زەوییە سندوقیەکان، زەوییە سندوقیەکان بەشێوەی زێدەڕۆیی لەسەر زەوی حکومەت خانوویان لەسەر دروستکراوە، بڕیاری حکومەت ئەوەیە نەهێڵێت چیتر زەوییەکانی بە زێدەڕۆیی بڕوات.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ دوو لیژنەی فەرعی پێکهێنراوە لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆبونەوەی داهاتوو ئەو دوو لیژنەیە راپۆرتی خۆیان دەبێت و ئەو کات بڕیار دەدرێت.