"یەک پڕۆژە گرفتی هەبووە"
دەستەی وەبەرهێنان: بە نزیکەی 18 ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە
964+
شیراز عەبدوڵا
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ئەمساڵدا 151 مۆڵەتی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە داوە بە وەبەرهێنەران، ئاشکراشی دەکەن، “زیاتر لە 10 هەزار دەرفەتی کارکردنی نوێیان بۆ خەڵک رەخساندووە”.
هەروەک، بە بەهای نزیکەی 18 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە چوار ساڵی رابردوودا کراوە.
ئەو مۆڵەتانەی دەستەی وەبەرهێنان بە خاوەن پڕۆژەکانی داوە لە سێکتەرەکانی، (کشتوکاڵ، بازرگانی ،گەشتوگوزار، پیشەسازی، نیشتەجێبوون، پەروەردە و تەندروستی) هەروەها چەند سێکتەرێکی دیکە بوون.
وەبەرهێنان داوای وەبەرهێن دەکات بۆ دروستکردنی یەکەی کرێنشینان
ئەمڕۆ چوارشەممە 20.12.2023، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری 964 ئامادەی بوو، ئەوەی وت، “لە چوار ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە 17 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کراوە، ژماری مۆڵەتەکان بەرزبوەتەوە و کاری وەبەرهێنانیش فراوانتربووە”.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئەوەشی وت،”یەک پڕۆژە لە هەولێر هەبووە بە هۆی کەمتەرخەمی بەڵێندەرەوە کارەکانی وەستاوە، بەڵام وەبەرهێنەری پڕۆژەکە ئۆفیسی خۆی لە پڕۆژەکە داناوەتەوە و لەگەڵ وەبەرهێنانی هەولێر سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەین، زۆربەی کێشەکانی رابردووی نیشتەجێبوونیش لە هەرێمی کوردستان چارەسەرکراون”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا