چەند ئۆتۆمبێلێک لە شەقامێکی سەرەکی لە ناو بازاڕی هەولێر - وێنە: 964
سەرۆکی دەستەی ژینگە وادەڵێت
داوا دەکرێت قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە شەقامەکانی ناوشار رابگەیەندرێت
964+
پێشەوا محەمەد
داواکارییەک هەیە بۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەرجەم شەقامەکانی ناوەندنی شارەکان و هۆکارەکەشی بۆ کەمتر پیسبوونی کەشوهەوا و مەودای زیاتری بەپێ رۆیشتنی هاوڵاتیان دەگەڕێندرێتەوە.
داواکارییەکە هی عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانە.
ناوبراو بە 964ـی راگەیاند، لە دونیادا ئێستا هەوڵی زیادکردنی رێی پیادەڕەوی و سنووردارکردنی ئۆتۆمبێل دەدرێت، “منیش داواکارم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ناوەندی شارە گەورەکانی هەرێم قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیان تێدا رابگەیەندرێت و تەنیا پیادەڕۆیی بن”.
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە روونیکردەوە، ئۆتۆمبێل لە هەرکوێ نەبێت گەشتیار و خەڵکی شار زیاتر رووی تێدەکەن و ژینگە و کەشوهەوای ئەو شوێنەش پاکدەبێتەوە و هاوڵاتیان بە پارێزراوی پیاسەی تێدا دەکەن.
964 دەزانێت، تا ئێستا ئەوە نەبووە بە داواکارییەکی فەرمی.
“ئەگەر ئۆتۆمبێل نەبێت پێکداکێشان لەو شوێنە روونادات و ئۆتۆمبێلیش لە هاوڵاتی نەدات، ئەگەر ئەو دڵنیاییەش بۆ هاوڵاتی دروستبوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەبن، چونکە هاوڵاتیان زیاتر لەو شوێنانە دەوەستن و قسە دەکەن و هاوڵاتیان زیاتر یەکتری دەناسن”، عەبدولڕەحمان سدیق وای وت.