له‌مه‌ولا نابیستان به‌ زمانی ئاماژه‌ هه‌واڵه‌كان ده‌بینین

964+
هێرۆ مه‌ولودی – هه‌ولێر

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە سەرجەم میدیا بینراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، زمانی ئاماژە بە تایبەتی بۆ کاتی هەواڵەکان بەکاربهێنن.

لە سەر راسپاردەی لیژنەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری فه‌رمی بۆ سەرجەم میدیا بینراوه‌کانی هەرێمی کوردستان رەوانە کراوە، كه‌ دەبێت سەرجەم کەناڵە بینراوەکان، بە تایبەت کەنالە سیاسییەکان لە کاتی پێشکەشکردنی هەواڵەکاندا، زمانی ئاماژە بەکاربهێنن.

شێروان عەوڵا بەڕێوه‌به‌ری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بە 964+ی وت، له‌ سێی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەچێتە بواری جێبەجێکردن و پێویستە میدیا بینراوەکان لە ماوەی یەک مانگدا ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن، لە ئەگەری جیبەجێنەکردنی بڕیارەکەش، بە تایبەت لە لایەن میدیا سیاسییەکانه‌وه‌، بە شێوەی یاسایی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت”.

نووسراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان

ئەم بریارەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بۆ خزمەتی زیاتری نابیستانە، کە بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوی ئاماژە، زیاتر لە ٦٠٠٠ هەزار کەس دەبن لە ناو هەرێمی کوردستان.

به‌ پێی فه‌رمانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، پێویست ده‌كات كه‌ناڵه‌ بینراوه‌كان، به‌ تایبه‌تی كه‌ناڵه‌ سیاسی و هه‌واڵییه‌كان، كه‌سێك له‌سه‌ر شاشه‌ له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی هه‌واڵه‌كان، به‌ زمانی ئاماژه‌ وه‌رگێڕان بۆ هه‌واڵ و زانیارییه‌كان بۆ كه‌سانی نابیست بكات.