رۆژانە تۆپباران هەیە

تۆپبارانی گوندەکانی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە

فەهمی نەبی

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، تورکیا رۆژانە گوندەکانی دەوروبەری عەفرینی بۆردوومان کردووە و تا ئێستا چەند هاوڵاتیەک کوژراون و بریندارن.

سیامەند عەلی وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هەموو رۆژێک گوندەکانی دەوروبەری عەفرین بۆردومان کراون، هێرشەکان بە تۆپ و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانن و زیانی مادی و گیانی زۆریان گەیاندووە.

بەوتەی سیامەند عەلی دواین تۆپباران ئەمڕۆ هەینی بووە، تۆپبخانەکانی تورکیا بەچڕی دەوروبەری گوندی شێراوای سنوری عەفرینیان بۆردومان کردووە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل بۆ 964ی ناردووە، لەچەند رۆژی رابردوودا هاوڵاتیەک لە گوندی هەربل بە بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بریندار بووە، لە شەوی 24ی مانگی رابردوو لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکی لەرێگای عامودا، هاوڵاتیەک بەناوی “جوان سلێمان محەمەد” گیانیلەدەستدا و دوو کەسی دیکە کە لەگەڵی بوون بریندار بوون.