کورت و پوخت حاسڵاتی غەزەو دەرودراوسێتان پێدەڵێم
سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەلەستین: 75 رۆژنامەنووس و میدیاکاری فەلەستینی کوژراون
ژووری هەواڵ
سەندیکای رۆژنامەنووسانی فەلەستین دەڵێت: 75 رۆژنامەنووس و میدیاکاری فەلەستینی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بە دەستی سوپای ئیسرائیل کوژراون.
بەرپرسانی ئەمریکا بە کەناڵی CNNیان راگەیاندووە: پێشبینی دەکەن هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە هەتا مانگی یەکی ساڵی داهاتوو بەردەوام، چونکە سوپای ئیسرائیل دەیەوێت سەرکردەکانی حەماس لەناو ببات.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند: لەسەرەتای شەڕەکەوە هەتا ئێستا 10 هەزار تۆن چەک و تەقەمەنییان لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە.
رۆژنامەی تایمز بڵاویکردووەتەوە: بەپێی لێکدانەوەی پسپۆڕەکانی سوپای ئیسرائیلی و زانیاری هەواڵگری، مەزەندە دەکرێت درێژی تۆڕی تونێلەکانی حەماس سەروو 450 کیلۆمەتر بێت.
تیمی پسپۆڕی مین و تەقەمەنی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: تەنانەت پاش وەستانی شەڕیش ناوچەیەکی بەرفراوانی غەزە بەکەڵکی ژیان نایەت، چونکە بڕێکی زۆری تەقەمەنی ماوە کە هێشتا نەتەقیونەتەوە.
ئێران جارێکی تر دووپاتی کردەوە کە ئەوان تائێستا بەشداری هیچ هێرشێکیان نەکردووە دژی ئیسرائیل و ئەوەی گروپە چەکدارەکان دەیکەن بڕیاری خۆیانە.