کشتوکاڵی هەڵەبجە خولی جوتیاریی دەکاتەوە

“بەشداربووەکان فێری باخەوانی کراون”

میدیازان – محەمەد عومەر – هەڵەبجە

وێنەی بەشداربووەکان – بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە خولێکی بۆ 30 جوتیار کردەوە کە چالاکن لە بواری کشتوکاڵ و باخداریی، یەکێک لە بەشداربووەکانیش دەڵێت، “فێربووین بە زانستییانە کاری جوتیاریی بکەین”.

لەوبارەیەوە، سەعدی غەفور، لێپرسراوی بەشی رێنمایی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە میدیازانی وت، بەردەوام دەبن لە کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە  لەپێناو بەهێزکرنی توانای گەنجان لە بواری کشتوکاڵیدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، ئەو خولە لە چوارچێوەی پرۆگرامی گەشەپێدانی توانای گەنجانی منداڵپارێزی کوردستان بووە.

میدیازان دەزانێت، خولەکە چەند رۆژێکی خایاندووە و ئەمڕۆ تەواوبووە، تایبەت بووە بە بواری باخەوانی و بەروبوومی کشتوکاڵی، بەشداربووەکانیش جوتیاران و دەرچوانی بەشەکانی کشتوکاڵ بوون.

فەرەیدوون تۆفیق، یەکێک بووە لە بەشداربووەکانی خولەکە، ئەو بۆ میدیازانی باسکرد، کە تێیدا “فێربوون چۆن بە شێوازێکی زانستییانە کاربکەن”.

سنوری پارێزگای هەڵەبجە خاکی بە پیتی تێدایە وەک خاکی شارەزوور کە بە یەکێک لە شیاوترین خاکەکان لە جیهان ناسراوە بۆ چاندن و کشتوکاڵ.