خاک 95%ی خۆراکە
بەروارێک و دوو بۆنە؛ ئەمڕۆ رۆژی خاک و خۆبەخشیە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەک بەروارە، بەڵام خاوەنی دوو بۆنەیە بە وتەی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت، 95% خۆراکەکانمان لە خاکەوە وەردەگرین ئەوە لە کاتێکدا سکرتێرەکەی داوا دەکات، هەمووان پشتیوانی خۆبەخشەکان بن.
ئەمڕۆ 5.12.2023 رۆژى جیهانیی خاکە، لە هەمانکاتدا رۆژى جیهانیی خۆبەخشییە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژمێرەی خۆیدا وای دیاریکردووە و لە جیهاندا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.
کۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان 5.12.2023 بە رۆژى جیهانیی خاک دیاریکرد، هەر بەپێی داتای نەتەوەیەکگرتووەکان، خەڵک 95% خۆراکەکانیان لە خاکەوە وەردەگرن، هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە رۆژى جیهانیی خۆبەخشیدا دەڵێت، مانگانە ژمارەی خۆبەخشانی تەمەن 15 ساڵ و سەرووتر لە سەرانسەری جیهاندا دەگاتە 862 ملیۆن و 400 کەس.
ئەوەشی وتووە، زۆربەی کارە خۆبەخشییەکان نافەرمین، 14.3%ی دانیشتوانی جیهان بەشداری لە کارى خۆبەخشى ناڕێکخراودا دەکەن، لەکاتێکدا 6.5%ی خەڵکی لە رێگەی رێکخراوێک بەشداری لە کارى خۆبەخشی فەرمیدا دەکەن، هەروەک ئەوانەى کارى خۆبەخشی فەرمیی دەکەن زۆرینەیان پیاون، خۆبەخشە نافەرمییەکان زیاتر ژنن.