رێکخراوێکی ئەڵمانی دەیکات
لە ساڵی نوێدا هاوکاریی زیاتری سەنتەری راهێنانە پیشەییەکان دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی بەڵێنی بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم داوە هاوکاریی زیاتری سەنتەری راهێنانە پیشەییەکان بکەن.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان سەنتەری راهێنانی پیشەیی کردووەتەوە و بێبەرامبەر خولی فێربوونی پیشە بۆ گەنجان دەکاتەوە.
“رێکخوای GIZـی ئەڵمانی پێشتریش هەر هاوکار بووە و بەڵینیشیان داوە لە رووی دابینکردنی ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ سەنتەرەکان ساڵی نوێ زیاتر هاوکار بن و پسپۆڕ و کەسانی شارەزای بوواری پیشەکانیش لە لایەن خۆیانەوە دابین بکەن بۆ وتنەوەی خولەکان”، ئەوە قسەی زەکییە ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ 964.
وتیشی، “لە ماوەی چوار ساڵدا 7000 کەس بەشداری راهێنانە پیشەییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیان کردووە و زیاتر لە 2000یان کاریان دەستکەوتووە”.
بریکاری وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردەوە، خولەکان هاوکات لەگەڵ پێویستی بازاڕدایە بۆ دروستکردنی کادری کارامە و شارەزا.