شارەوانی سلێمانی رێگا نادات ئاژەڵدۆستان بچنە ناو شێڵتەری سەگەکانەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
رێکخراوی هانای ئاژەڵان لە سلێمانی گردبوونەوە و داوای داخستنی شێڵتەری سەگی بێلانە دەکەن لە سلێمانی.
نابێت بڵێین شەڵتەر، دەبێت بڵێین شێڵتەری کۆمەڵکوژی سەگە بێلانەکان لەبەر ئەوەی هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا نییە، ئەمە قسەی بانە هەمزەی ئاژەڵدۆستە بۆ 964.
شارەوانی سلێمانی رێگا نادات ئاژەڵدۆستەکان بچنە شێڵتەری گلدانەوەی سەگە بێلانەکانەوە، چونکە دەڵێن ئەوان هەر بەدوای لێدان لە شارەوانی و شێڵتەرەکەوەن.
سەرچاوەیەک لە شارەوانی سلێمانی کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە 964ـی راگەیاند، شێڵتەرەکە 30 کارمەندی پاککەرەوەی هەیە، رؤژانە تیمێک سەگ کۆدەکاتەوە و تیمێکیش خواردنیان بۆ دەهێنێت، هەروەها مانگانە دووجار شێڵتەرەکە دەرمانڕێژ دەکرێت و سەگی مێ لە نێر و بەچکە و نەخۆش جیاکراونەتەوە لە یەکتری.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، “شێڵتەرەکە هەموو کارێکی بۆ دەکرێت بەڵام ئاژەڵدۆستەکان دەچن ڤیدیۆی دەکەن و دواتر قسە لەسەر شارەوانی دەکەن و ئەوەی دەیکەن کەمتر بۆ خزمەتی سەگە بێلانەکانە”.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیەی 964 هەفتانە زیاتر لە 150 داواکاریان لە لایەن قایمقام و داواکاری گشتی و گەڕەکەکانەوە بۆ دەچێت بۆ پاککردنەوە و دوورخستنەوەی سەگە بێلانەکان.
شێڵتەرەکەی سلێمانی لەسەر رووبەری پێنج دۆنم زەوی دروست کراوە و کەوتووەتە نزیک عەربەتەوە.