هەناردەی تورکیا دەکرێت
لە رۆژئاوای کوردستان زەیتی زەیتوون نرخەکەی بووەتە دوو هێندە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمساڵ زەیتی زەیتونی عەفرین نرخەکەی بووەتە دوو هێندە بۆ هەر تەنەکەیەکی نزیکەی 50 دۆلاری چووەتە سەر، هۆکاری ئەو گرانبوونەشی هەناردەکردنیەتی بۆ تورکیا.
لە چەند رۆژی رابردوودا ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا، بەهۆی هەناردەکردنی بەردەوامیەوە بۆ تورکیا، بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی زەیتی زەیتوونیان بەخۆوە بینیووە.
خاوەن کارگەکانی زەیتی زەیتوون لە ئیدلب قسەیان بۆ ئاژانسی نۆرس پرێس کردووە، نرخی تەنەکەیەک زەیتی زەیتون (16 کیلۆگرام) لە باشترین رۆژەکانی بەرهەمهێناندا جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە بۆ رێژەیەکی پێوانەیی، کە لە ئیدلب 95 دۆلارە و لە عەفرین لە نێوان 90 بۆ 100 دۆلاری تۆمارکراوە، ئەوەش بە گوێرەی کوالێتییەکەی.
تورکیا ناوی گوند و شەقامە گشتییەکانی عەفرینی بۆ تورکی گۆڕیوە
ئەوە لە کاتێکدا، لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، نرخی هەمان بڕی زەیتی زەیتوون بە هەمان قەبارە 50 دۆلاری ئەمریکی بووە.
ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە پشتڕاستی کردووەتەوە، هۆکاری بەرزبوونەوەی زەیتەکە بۆ کڕینی لە لایەن میلیشیاکانی ناوچەکەوە دەگەڕێتەوە، کە راستەوخۆ یان لە رێگەی کۆمپانیا یان کەسانی سەر بە خۆیانەوە هەناردەی تورکیای دەکەن.