کچێکی نیپاڵی لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

+964

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

کچێکی نیپاڵی کارگوزار لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا.

ئانو ئالی کچە نیپاڵییەکە کە لەدایکبووی ساڵی 1986ـە، لە 14ـی ئەم مانگەوە بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانی لەدەستدا، کونسڵخانەی وڵاتەکەی ئاگادار کراوەتەوە بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ نیپاڵ.

بەپێی ئاو ئامارەی بە +964 دراوە، ئانو ئالی، یەکەم کرێکاری بیانی نییە لە سلێمانی گیان لەدەست دەدات، بەڵکو تەنیا لەمساڵدا 12 کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستداوەو تەرمی حەوت لەو کرێکارانە رەوانەی وڵاتەکانیان کراونەتەوە و ئەوانی دیکەش هەر لێرە لە سلێمانی بە خاک سپێردراون.

محەمەد هەژار، سەرۆکی رێکخراوی کرێکارانی بیانی لە سلێمانی بە +964ـی وت، “ئەمڕۆ تەرمی ئانو رەوانەی وڵاتەکەی دەکرێتەوە، دوای ئەوەی 14ـی ئەم مانگەدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانی لەدەستدا”.

راشیگەیاند: دوای گیان لەدەستدانی کەسوکاری ئەو هاوڵاتییە بیانییە و کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان ئاگادار کردۆتەوە، دواتر رێکارەکانیان بۆ گەڕاندنەوە تەرمەکەی گرتووەتەبەر و ئەمڕۆ تەرمەکەی بۆ وڵاتەکەی بەڕێدەکرێتەوە.

بە قسەی سەرۆکی رێکخراوی کرێکارانی بیانی لە سلێمانی بێت، بەشێک لەو کرێکارە بیانیانە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.