بێ کارەبایی بازاڕی لایتی شەحنی گەرمکردووە

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لەگەڵ کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا خواست لەسەر گڵۆپ و لایتی شەحن زیاد بووە لە بازاڕەکان و هاوڵاتیان بەشێوەیەکی زۆر بەکاریدەهێنن.

کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە پێی وەرزەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و وەرزی زستان یەکێکە لەو وەرزانەی کە خواستێکی زۆر بەهۆی سەرماوە لەسەر کارەبا هەیە.

لە 15ـی ئەم مانگەوە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا کەمیکردووە و وەزارەتی کارەباش دەڵێت، بەهۆی چاکسازیکردنە لە وێسگەی کارەبای خەبات کە 300 مێگاوات کەمیکردووە و لە سەرەتای مانگی داهاتوو ئاسایی دەبێتەوە.

شوان رحمان خاوەنی پێشانگای فرۆشتنی كەل و پەلی كارەباییە لە هەولێر بە 964ـی وت، لەگەڵ کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا خواست لە سەر لایەتی شەحن زیاد دەبێت و بە تایبەت لە وەرزی زستاندا خەڵک بە شێوەیەکی بەرچاو بەکاریدەهێنن.

وتیشی، سێ جۆر لایتی شەحن لای ئەوان دەستدەکەوێت، نرخەكانی ئەو سێ جۆرە حەوت هەزار و 10 هەزار و 11 هەزار دینارە، هەروەها نزیكەی شەش جۆر گلۆپیان هەیە کە تیایدایە 15 کاتژمێر بەرگە دەگرێت و شەحنی ئەمێنێت.

کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا جگە لەوەی بازاڕی لایتی شەحنی بەرزکردووەتەوە وای کردووە کە بۆ ئەم مانگە پارەیەکی زیاتری ئەمپێری مۆلیدە بۆ هاوڵاتیان بێتەوە بەهۆی زۆر کارپێکردنی مۆلیدەکانەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی