دەڵێن ئەوروپییەکەی باشە
ئاگاتان لە بوتڵی غازی پلاستیکی جۆری چینی بێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بوتڵی پلاستیکیی غاز لە جۆری بەلجیکی و نەرویجییەکەی سەلامەتە و کێشەی نییە، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش دەڵێت جۆری چینییەکەی مەترسیدارە.
رێبوار عەبدوڵا ئەندازیار و بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، بۆ 964 دەڵێت: تا ئێستا بە شێوەی فەرمی رێگە نەدراوە ئەو بوتڵە غازە پلاستیکییە بێتە ناو کوردستان.
964 لە بەدواداچوونێکێدا لە ناو شاری سلێمانی ئەوەی بۆ دەرکەوت، ئەو بوتڵە غازە پلاستیکیانەی لەلای غازفرۆشەکان هەن، سەرجەمیان بە بوتڵی بەلجیکی و نەرویجی دەفرۆشرێن و نرخەکەشیان 160 هەزار دینارە.
هەژیر عزەت، غازفرۆش لە شاری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، پێشتر ئەو بوتڵە غازە پلاستیکیانە نرخیان 52 هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا بۆ 160 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
وتیشی، “تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کێشی سووکە لەبەرئەوەیە خەڵک خواستیان لەسەریەتی و دەیکڕن”.
رێبوار عەبدوڵا، ئەندازیار و لێپرسراوی بەشی غاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، “ئەو بوتڵە پلاستیکییە چینییە، عێراق هۆشداری لە بارەوە داوە و دەوترێت لە ئەردەنەوە هێندراونەتە عێراق.
وتیشی “ئێمە بەردەوام بەدواداچوونمان هەیە لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەت و رێگە نادەین ئەو جۆرە بوتڵی غازە چینییە بفرۆشرێت”.
بە پێی زانیارییەکانی 964 سەرەتا لە ساڵی 2006ـەوە بوتڵی غازی پلاستیکی هێندراوەتە کوردستان و بە پێی زانیارییەکانی بەرگری شارستانیی سلێمانی، کە بە 964 دراوە، تا ئێستا هیچ کام لەو بوتڵە پلاستیکییانە نەتەقیونەتەوە.
پێداچوونەوە: شاخەوان عومەر