دیمەنی یەکێک لە پۆندەکانی سنووری هەولێر.وێنە.پارێزگای هەولێر
پێنج ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە
پارێزگای هەولێر: ئەو پۆند و بەنداوانەی دروستکراون مەترسی لافاویان کەمکردووە
964+
توانا نەقی
لە سنووری پارێزگای هەولێر چەندین پۆند و بەنداو دروستکراون، بەشێکیشیان لە جێبەجێکردندان، کە بە قسەی پارێزگای هەولێر مەترسی دروستبوونی لافاویان کەمکردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، ئەو پۆند و بەنداوانە بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی سەرزەوی و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی دروستکراون، هەروەها بۆ بەرگرتن لە لافاو و ئاوی باراناو کەڵکیان هەبووە.
دەشڵێت، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بەهۆی بارانبارینەوە، تەنیا لە بەنداوی چەمرگە و 30 پۆندی دیکە کە لەم ماوەیەدا دروستکراون، پێنج ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاو گلدرایەوە.
گلدانەوەکە بە شێوەیەکە لە بەنداوی چەمرگە ملیۆنێک مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و پڕبووە، لە 16 پۆندی دیکە لەوانە پۆندی کاریتان، دووشیوان، کەردز، هەرەجە و چەند شوێنێکی دیکە پڕبوون لە ئاو و سێ ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاویان تێدا گلدراوەتەوە.
هەروەها لە 14 پۆندی دیکەش کە بە رێژەی 50% پڕبوون لە ئاو یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لە گلدانەی ئاوی 28 پۆندی دیکە، کە ئێستا لە پرۆسەی جێبەجێکردندان، بە تەواوبوونیان ئەوانیش دەتوانن 11 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە، کە ئەمەش جگە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، ئاوى باران کۆدەکاتەوە و بۆ وەرزى گەرما و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارى ناوچەکان سوودی زۆری دەبێت.