هەموو کوردستان
سۆپاکانتان ئامادە بکەن بەفر بەڕێوەیە
+964
پەری ساڵح
کەشناسیی هەرێم هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەفر بۆ ناوچە جیاجیاکانی کوردستان رادەگەیەنێت، کە دەڵێن لە ئەنجامی کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاستە.
بەپێی پێشبینییەکان کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە شەوی یەکشەممەوە لە دهۆکەوە دەستپێدەکات و رێژەی دابارین زیاد دەکات، لەگەڵ هەورەبروسکە و خێرایی “با”ش چالاک دەبێت بۆ سەروو 35 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، دواتر کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سنەوری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و تەواوی ناوچەکانی دیکە.
لەبەرەبەیانی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلەکە بەهێزتر دەبێت و ئەگەری لێزمەباران و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە، بە تایبەت لە ناوچەکانی ئامێدی و چەمانکێ و شێلادزێ و سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، وەک بەحرکە و خەبات و هیران و قوشتەپە، پاشان چەمچەماڵ و دەربەندیخان و مەیدان.
کەشناسی ئاماژە بەوەش دەکات، بەوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە بەهێزە لە دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممەوە مامناوەند دەبێتەوە و بەفریش لە ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکان دەبارێت، هەروەها پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو لە نێوان 5-8 پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای سپی ناوەڕاست تا ئێوارەی سێشەممە بەردەوامی دەبێت و بارانیش دەبێتە پچڕپچڕ.