هونەرمەندێکی لێهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانە
ئەو مامۆستایەی وانەکانی دەکاتە ئاواز و هەستی نیشتمانپەروەرییان بەبەردا دەکات
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
هەر وانەیەک بە عەشق و جۆش و خرۆشەوە بوترێتەوە، نەک تەنیا بە مێشکەوە دەچەسپێ، بگرە راستەوخۆ دەچێتە قوڵایی دڵ و رۆحی قوتابییەکانەوە.
“سالار فەلاحی” مامۆستا و هونەرمەندێکی لێهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو رۆژانە بە وزەیەکی زۆرەوە و بە شێوازێکی جیاواز وانەی هونەر بە قوتابییەکانی دەڵێتەوە، مامۆستا سالار لە سەردانێکیدا بۆ هەولێری پایتەخت بۆ 964 باسی لە ئەزموونە ناوازەکەی کرد و ئەو نهێنییەی کە وایکردووە وانەکەی لە دڵی منداڵاندا ئەوەندە خۆشەویست بێت، ئاشکرا کرد.
ئەم مامۆستایە دەڵێت، “هونەر لای من رێزێکی تایبەتی هەیە و هەر ئەوەش وایکرد بەو شێوازە وانە بە قوتابییەکان بڵێمەوە و لایان خۆشەویست بێت، ئەو شێوازەی من وایکردووە لە وانەکانی تریشدا وەک بیرکاری باشتر بن، من هەرگیز جیاکاری ناکەم لەناو قوتابییەکان و بە هەموویان دەڵێم دەنگتان خۆشە، بۆ ئەوەی وانەکەیان لا خۆشەویست بێت”.
سالار فەلاحی هونەرمەندێکی بەتواناشە و خاوەنی چوار بەرهەمی تایبەت بە خۆیەتی بە ناوەکانی: (لەبیرت دێ، دایە مەگری، چاوەڕێ، و بەڵێن). ئەو ئێستا سەرقاڵی بەرهەمێکی نوێیە بە ناوی “کوردستان” و لە پلانیشیدایە کارێک لەگەڵ قوتابییەکانی بکات.
بێگومان نەوەیەک کە بە گۆرانی، مۆسیقا و عەشقەوە فێری زانست و ژیان بێت، داهاتوویەکی زۆر رووناکتر و جوانتر بۆ کۆمەڵگەکەی بونیاد دەنێت.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح