قایمقامیەتی قەزای شێخان. وێنە :964
نوسینگەیەکی نوێ دەکرێتەوە
ئیتر هاوڵاتیانی قەزای شێخان بۆ مامەڵەی پاسپۆرت رێگای دوور نابڕن
زەید کۆچەر – دهۆک
لەبڕیارێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق نوسینگەی پاسپۆرت لە قەزای شێخان دەکاتەوە و لەمەوبەدوا 220 هەزار هاوڵاتی ئەو ناوچەیە دەتوانن مامەڵەکانیان هەر لە قەزاکەیان بکەن.
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە 964ی وت، کار ئاسانیەکی زۆر دروست دەبێت بۆ خەڵکی ناوچەکە، ئەو قەرەباڵغیەی لەسەر نوسینگەی پاسپۆرتی دهۆک و موسڵ هەیە کەمدەبێتەوە.
“بڕیارە لیژنەیەکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق بێن بۆ قەزاکە و شوێنەکە دەستنیشان دەکەن، پێشنیازی ئێمە ئەوەیە لە بەڕێوەبەرایەتی دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی دەتوانین نوسینگەکە بکەینەوە” ئەمە قسەی قامیقامی قەزای شێخانە.
کاڤین شێخ سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە 964ی وت، “داوامان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کرد ئەو نوسینگەیە بکرێتەوە، رەزامەندیاندا”.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئەوەش دەڵێت، قەزای شێخان دوو ئیدارەیە، 107 هەزار هاوڵاتی ناسنامەیان سەر بە پارێزگای موسڵە و ئەوەی دیکەش سەر بە پارێزگای دهۆک، ئەم بڕیارە هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی.
شێخان لە ساڵی 1924 بووەتە قەزا، لایەنی کارگێڕی قەزای شێخان دەڵێن، ژمارەی دانیشتوانی قەزاکە 220 هەزار کەس دەبێت و لەگەڵ ئەو ژمارەیە 60 هەزار ئاوارەی لێ نیشتەجێ دەبێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی