"تەمەنی 13 ساڵە"
مێردمنداڵێک لەکاتی مەلەکردن لەسەرچاوەیەکی ئاوی داقوق خنکا
سیروان خورشید
کەمێک پێش ئێستا مێردمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵ لە قەزای داقوق لەکاتی مەلەکردندا لە یەکێک لە سەرچاوە ئاوییەکان خنکا و پاش کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزرایەوە.
سەمیر جاسم، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی داقوق بە964ـی راگەیاند، تەرمی مێردمنداڵەکە هێنراوەتە نەخۆشخانەکەیان و پاش ئەنجامدانی رێکارە سەرەتاییەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی دادوەری و دیاریکردنی هۆکاری وردی گیانلەدەستدان، تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکوک کرا.
وتیشی “مێردمنداڵەکە ناوی ئەمجەد خەلیلە، دانیشتوی قەزای داقوقە، ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ مەلەکردن رووی لەسەرچاوەیەکی ئاوی سنورەکە کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شارەزای لەمەلەکردن نەبووە پاشان ژێر ئاو کەوتوە و خنکاوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە دووەم رووداوی خنکانە روو لەم خێزانە دەکات، چونکە چوار ساڵ پێش ئێستا برایەکی دیکەی هەمان مێردمنداڵ لە پڕۆژەی ئاوی خورماتوو خنکابوو.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن