هۆکارەکەی بایکۆتە

105 منداڵی دابڕاو دووبارە گەڕانەوە بۆ خوێندن بەڵام دەرگای قوتابخانەکان داخراوە

بەرزان عوسمان – دوکان

لە سنوری پەروەردەی دوکان کەمپینێک رێکخراوە بۆ ئەو منداڵانەی لە خوێندن دابڕاون و تا ئێستا بە دەیان منداڵ بڕیاری گەڕانەوەیان داوە بۆ بەر خوێندن، بەڵام هێشتا لەو سنوورە بەهۆی بایکۆتەوە دەوام دەستیپێنەکردووە.

کەمپینەکە بەهاوکاری رێکخراوی یونسێف ئەنجامدراوە، بۆ ئەو قوتابیانەیە لەو سنوورە چەند ساڵێکە بەهۆکاری جیاواز وازیان لە خوێندن هێناوە.

پشتیوان تاهیر ئەندامی کەمپینەکە بە 964ی وت، کەمپینەکە بۆ ماوەی 45 رۆژ بوو، لەرێگەی چەند لیژنەیەکەوە 462 فۆرم بۆ ئەو منداڵانە پڕکرایەوە، لەو ژمارەیەش 105 منداڵ بریاری گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە داوە.

بەوتەی پشتیوان تاهیر، پەروەردەی دوکان دووەم پەروەردەیە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێماںی کە ئەو ژمارە زۆرەی قوتابی بریاری گەڕانەوەیان داوە.

ئەگەرچی ماوەی دوو مانگە زەنگی خوێندن لێدراوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کردووە و هێشتا دەوامی فەرمی خوێندن دەستیپێنەکردووە.

رۆژی 29.10.2023 نامەیەک بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دوکان داوای لە مامۆستایان کرد بێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام سوودی نەبوو هێشتا دەرگای قوتابخانەکان بەداخراوی ماونەتەوە.

بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایه‌تی پەروەردەی دوکان، 12 باخچەی ساوایان و 86 قوتابخانەی بنەڕەتی و 18 قوتابخانەی ئامادەیی له‌ سنوورى قه‌زاى دوكان بوونیان هەیە. زیاتر لە 17 هەزار قوتابی هەن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی