پەیامنێری 964 لە شوێنی رووداوەکە بووە
ساغکردنەوە..تەقەکردنەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی گەڕەکی کوێستان چی بوو؟
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڕەکی کوێستان لە هەولێر دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا، پەیامنێری 964 چوو بۆ ئەو شوێنەی تەقەکانی لێکراوە، چەند شایەتحاڵێک قسەیان بۆ کردین و وتیان پەیوەندی هەبووە بە دەستگیرکردنی چەند کەسێکەوە.
سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی تەقەکردنەکان، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە تەقەکردنەکە لەسەر شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێڵ بووە، بەڵام چەند هاوڵاتیەک کە نزیکی رووداوەکە بوون شتێکی جیاوازیان وت.
یەکێک لەو شایەتحاڵانەی لەو شوێنە نزیک بووە کە تەقەکانی لێ کراوە دەڵێت، “هێزێکی ئاسایش لەم ناوە بووە بۆ دەستگیرکردنی چوار بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر، کاتێک ئەو کەسانە رایانکردووە، ئاسایش بۆ وەستانیان تەقەیان بە ئاسمان کردووە”.
ئەو شوێنەی کەسەکانی لێ دەستگیرکراوە، لەبەشی پشتەوەی پارکی بروسک بووە لە کۆتایی شەقامی حەدید و خەشەبی گەڕەکی کوێستان.
964 پەیوەندی بە ئاسایشی هەولێر کرد، موقەدەم ئەردەلان وتەبێرژی ئاسایشی هەولێر ئەو زانیاریانەی پشتڕاست کردووە و دەڵێت، ئەمشەو راگەیەندراوێک لەسەر دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بڵاودەکرێتەوە.
داڕشتنەوەی: فەهمی نەبی